سوپای ئۆکراین کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارێکی لە باکوری خۆرھەڵاتی وڵاتەکەی راگەیاند

2022-03-27   |  
سوپای ئۆکراین
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سوپای ئۆکراین، شاری "ترۆستیانێتس"ی لە باکووری خۆرھەڵاتی وڵاتەکە کۆنتڕۆڵکردەوە، بەریتانیاش بە مەرج سزاکانی لەسەر روسیا ھەڵدەگرێت.

بە پێی ھەواڵی میدیاکانی ئۆکراین، سوپای روسیا لە شاری "ترۆستیانێتس" لە ھەرێمی سوومی لە باکووری خۆرھەڵاتی ئۆکراین کشاوەتەوە و ھێزەکانی ئۆکراین شارەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە، لە بەرامبەردا سوپای روسیا چوونەتە شاری "سلاڤووتچ"، لە نزیک دامەزراوەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ لە باکووری ئۆکراین.

لە لایەکی ترەوە، لیزە ترەس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو سزایانەی بەسەر روسیادا سەپاندوویانە لادەبرێن، ئەگەر روسیا ئاگربەست رابگەیەنێت و تەواوی ھێزەکانی لە ئۆکراین بکشێنێتەوە، ھاوکات ھەواڵگیریی بەریتانیاش رایگەیاند، روسیا دەیەوێت سوپای ئۆکراین لە دەوروبەری دۆنباس گەمارۆ بدات،  لە لایەکی ترەوە وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراین رایگەیاند، روسیا ھەوڵ دەدات ناوەندە نەوتیی و خۆراکییەکان لە شارەکانی ئۆکراین لەناوببات.