ڕووسیا بۆچی گەمارۆی شاری ماریۆپۆڵی داوە

2022-03-24   |  
شاری ماریۆپۆل
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
پاش ئەوەی ڤۆلۆدیمێر زیلینسی سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند کەوا نزیکەی سەد ھەزار ئۆکراینی لە شاری ماریۆپۆل گیریان خواردوە بە بێ ئاو و خۆراک و دەرمان، بەڵام ھێشتا فەرمانی بە سوپاکەی نەکردووە شارەکە چۆڵ بکەن. بەڵام بۆچی؟

شاری ماریۆپۆڵ کۆتا گەورە شاری باشوری ئۆکراینە و بە گرتنی ئەو شارە لەلایەن ڕووسەکانەوە، ڕووسیا کۆنترۆڵی خۆی لەو ھەرێمانەدا بەھێز تر دەکات و چیتر سوپای ئۆکراین ناتوانن لە رۆژھەڵاتی ڕووباری دەنیپەرەوە چالاکی بکەن. 

شاری ماریۆپۆل لە سەرەتای جەنگی ئۆکراینەوە لە ٢٤ی مانگی دووی ئەم ساڵەوە لە لایەن ڕووسیاوە ئابڵۆقە دراوە، ئابڵۆقەدانی ئەم شارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەوا سوپای ڕووسیا نەیتوانیوە ئەم شارە لە ڕێگەی جەنگەوە کۆنترۆڵ بکات و دەیەوێت لە ڕێگەی ناچار کردنی خەڵکەکەی و برسی کردنیانەوە شارەکە چۆڵ بکەن، بەمەش ڕووسیا ھەنگاوێک نزیکتر دەبێتەوە لە گرتنی کیێڤ و تەواوی ئۆکراین و لە دانوستانەکاندا داواکانی زیاتر دەکات.

لە سەرەتای ئابلۆقەی شارەکەوە ڕووسیا بە چڕی بۆمبارانی شارەکەی کردوە و سەخترین شەر لە جەنگی ئۆکرایندا لەو شارەدایە و دەکرێت بە ستالینگرادی ئۆکراین ناوی ببەین.

ڕووسەکان ھەر لە سەرەتای جەنگەکەوە چاویان لە گرتنی شاری ماریۆپۆل بووە، چونکە بە گرتنی ئەم شارە دەتوانن ناوچەکانی کریمیا و دۆنباس بە یەکەوە ببستنەوە و ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ ناو ڕوسیا دروست بکەن، لەم ڕێگەیەوە جڵەوی خۆیان بەسەر ئەو ناوچانەدا بە تەواوەتی بچەسپێنن. لە ئێستادا سوپای ڕووسیا زۆرینەی ناوچەکانی ئۆکراینی لەسەر دەریای ڕەش کۆنترۆڵ کردوە و  شاری ماریۆپۆل تاکە  ناوچەیە کە مابێتەوە، بە گرتنی ماریۆپۆڵ ئۆکراین لە دەریا دادەبڕێت و ڕووسیا ھێزەکانی کۆ دەکاتەوە بۆ ئەوەی تەنھا لە یەک قۆڵەوە ھێرش بکەن و ھێرشەکانیان لەسەر شاری کیێڤ چڕ بکەنەوە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕووسەکان بروسکەیەکیان دایە شاری ماریۆپۆڵ و داوایان کرد خۆیان بەدەستەوە بدەن. ھەرچەندە ھێزەکانی ڕووسیا چەند جارێک لە ھێزی ئۆکراین زیاترن لە شاری ماریۆپۆڵ، بەڵام ئۆکراینیەکان ئەم بروسکەی ڕووسیایان ڕەتکردەوە. 

چارەنوسی شاری ماریۆپۆڵ دەکرێت چارەنوسی ھاوسەنگی جەنگی ئۆکراین بگۆڕێت، ئەگەر ئۆکراینیەکان بتوانن ئابڵۆقەی ڕووسەکان بشکێنن ئەوا ئۆکراین دەتوانێت نزیکتر ببێتەوە لەوەی ھێزەکانی ڕوسیا لە زۆرینەوەی ناوچەکانی ئۆکراین دەر بکات.