ڕووسیا ٥٠٠ سەربازی ئۆکرانی دەستبەسەر کردووە

2022-03-22   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ڕووسیا ڕایگەیاند، تا ئێستا ٥٠٠ سەربازی ئۆکرانی وەک بارمتە لەلای ڕووسیا دەستگیرکراون و مۆسکۆ ئامادەیە ئاڵوگۆڕیان بکات.

"تاتیانا موسکالکۆڤا" کۆمسیاری مافەکانی مرۆڤی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، مۆسکۆ ناوی ٥٠٠ سەربازی ئۆکرانی ناردووە بۆ لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی کە بارمتەن لای ڕووسیا.

ڕاشیگەیاندووە، وڵاتەکەی ئامادەیە ئەو سەربازە ئۆکرانیانە ئاڵوگۆر بکات لەگەڵ ئەو سەربازە ڕووسیانەی لە چوار ھەفتەی ڕابردوودا لای ئۆکراین وەک بارمتە دەستبەسەر کراون.

ھەروەھا ئاشکرایکردووە، ھەر سەربازێکی ئۆکرانی لای ڕووسیا وەک بارمتە دەستبەسەر دەکرێت، بە دەستوخەتی خۆی لەسەر کارتێکی تایبەت دەنوسێت بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات لەوەی کە لە ژیاندا ماوە و دواتر کارتەکە ڕەوانەی خاچی سوور دەکرێت.