چوار وڵاتی ئەوروپا ٢٠ دیپلۆماتکاری ڕووسیا دەردەکەن

2022-03-18   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
چوار وڵاتی ئەوروپا ٢٠ دیپلۆماتکاری ڕووسیا لە وڵاتەکانیان دەردەکەن، یەکێتیی ئەوروپاش، ڕێگری لە دیپلۆماتکار و بەرپرسانی حکومەتی ڕووسیا و بێلاروس دەکات سەردانی پەرلەمانی ئەوروپا بکەن.

ڕۆبێرتا میتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا ڕایگەیاند، لە ڕۆژی ھەینیەوە ھیچ دیپلۆماتکار و بەرپرسێکی حکوومەتی ڕووسیا و بێلاروس، بۆیان نییە سەردانی پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری برۆکسل بکەن.

ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی بولگاریا ڕایگەیاند، ١٠ دیپلۆماتکاری باڵیۆزخانەی ڕووسیایان ئاگادارکردووەتەوە، لە ماوەی ٧٢ سەعاتدا خاکی بولگاریا بەجێبھێڵن، ھەر یەکە لە وڵاتانی لیتوانیا و لاتیڤیا و ئیستۆنیاش، ١٠ دیپلۆماتکاری باڵیۆزخانەی ڕووسیایان لە وڵاتەکانیان دەرکرد، ھۆکارەکەشیان بۆ چالاکی دژ بە بنەماکانی دیپلۆماسی لە لایەن ئەو دیپلۆماتکارانەوە گەڕاندەوە.

لە کاردانەوەی دەرکردنی دیپلۆماتکارەکانی لە وڵاتانی ئەوروپا، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، دەرکردنی دیپلۆماتکارانی ڕووسیا ھەنگاوێکی دوژمنکارانەیە و مۆسکۆ وەڵامی بۆ ئەو ھەنگاوە دەبێت.