سوپای ڕووسیا شاری خێرسۆنی ئۆکراین کۆنترۆڵ دەکات

2022-03-15   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھێزەکانی ڕووسیا شاری خێرسۆنی ئۆکراینیان کۆنتڕۆڵکرد و بینایەکی نیشتەجێبونی کیڤی پایتەختیش لەلایەن ڕووسیاوە بۆردوومانکرا.

ئاژانسی ھەواڵی ئینتەرفاکس کە ئاژانسی سەرەکی سەربەخۆی ڕووسیایە بڵاویکردەوە، ھێزەکانی ڕووسیا شاری خێرسۆنی باشوری ئۆکراینیان بە تەواوی کۆنترۆڵکردووە، لێپرسراوانی ئۆکراینییش ئەو ھەوڵانەیان ڕەتنەکردووەتەوە.

ھاوکات ڕووسیا لە ڕێی زنجیرەیەک بۆردوومانەوە گەڕەکێکی کیڤی پایتەختی کردووەتە ئامانج و بەو ھۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبونی ١٥ نھۆمیدا کەوتووەتەوە و بە پێی زانیارییەکان ٢ کەس لە بیناکەدا گیانیان لە دەستداوە.

ئاماری کوژراوانی بۆردوومانێکی ڕووسیاش بۆ سەر تاوەرێکی تەلەفزیۆن لە باکوری ئۆکراین، بۆ ١٩ کەس بەرزبووەتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکراین پێشبینی کردووە مۆسکۆ و کیێڤ لە دوو ھەفتەی داھاتوودا بگەنە ڕێککەوتن و ڕاوێژکاری دیوانی سەرۆکایەتی ئۆکراینیش ڕایگەیاندووە، پێدەچێت جەنگی ڕووسیا دژی وڵاتەکەی لە مانگی ئایاردا کۆتایی بێت.