ئەمەزۆن ژووری تایبەت بە پەستانی دەروونی دابین دەکات

2021-05-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە ھەواڵێکی ئاژانسی "BBC"دا ھاتووە، کە گەورە کۆمپانیای ھەناردەکاری ئەمریکی ئەمەزۆن پلانی داناوە بۆ دابینکردنی ژووری تایبەت بە کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی لە تەواوی کۆگاکانیدا تا کارمەندەکانی لە ناویاندا بتوانن تەماشای ڤیدیۆی ئارامبەخش بکەن و پشوو وەربگرن.

بە پێی ھەواڵەکە، کۆمپانیای ناوبراو لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ڕایگەیاند، "ئەمازێن" کە ژوورێکی تایبەتە بە کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی، یارمەتی کارمەندەکانی کۆمپانیا دەدات زیاتر سەرنج بخەنە سەر کارەکانیان و لە پاڵیشیدا زیاتر گرنگی بە تەندروستی دەروونیان بدەن، بەڵام ھەر زوو و پاش شەپۆلێکی گەورەی ڕەخنەی تەنزئامێز لەلایەن بەکارھێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە ڤیدیۆکەیان سڕیەوە.


جێی ئاماژەیە، ئەم ھەنگاوەی "ئەمەزۆن" دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا بە بەردەوامی ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبووەوە سەبارەت بە نەگونجاوی ژینگەی کار لە کۆمپانیاکە و ماندووبوونی بەردەوامی کارمەندەکانی.


لەو بارەیەشەوە، کۆمپانیای ناوبراو لە ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە پلانێکی بە ناوی "کارکردنی تەندروست" ڕاگەیاند کە چەندین چالاکی جەستەیی و دەروونی و ڕاھێنانی باشبوونی تەندروستی و دابینکردنی خواردنی گونجاو بۆ کارمەندەکان لەخۆدەگرێت.