٢٠ ھەزار خۆبەخشی بیانی ئامادەییان دەربڕیوە لە ئۆکراین ڕووبەڕووی ڕووسیا ببنەوە

2022-03-07   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
‎دمیترۆ کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکراین ڕایگەیاند، تا ئێستا ٢٠ ھەزار خۆبەخشی بیانی ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕووسیا ڕوو لە ئۆکراین بکەن، میدیاکانی ئۆکراینیش دەڵێن، ھاتنی خۆبەخشە بیانییەکان دەستیپێکردووە.

بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئۆکراین، لە کۆی ئەو ٢٠ ھەزار خۆبەخشەی کە ئامادەن بەرگری لە ئۆکراین بکەن و بەرەنگاری ڕووسیا ببنەوە، زۆرینەیان لە وڵاتانی ئەوروپین، ئەوەش لە کاتێکدایە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین داوای لەو کەسانە کردبوو کە دەیانەوێت بە خۆبەخش ڕوو لە ئۆکراین بکەن و بەرەنگاری ڕووسیا ببنەوە، پەیوەندی بە باڵیۆزخانەکانی ئۆکراینەوە بکەن.

لەلایەکی تریشەوە وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین ڕایگەیاندووە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا نزیکەی ١٣ ملیۆن کەس سەردانی ئەو پێگەیەیان کردووە کە تەرخانکراوە بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانەی ئارەزووی بەرگریکردن لە ئۆکراین دەکەن، لە کۆی ئەو ژمارەیەش ٤ ملیۆنیان لە ئەمریکا و ٢ ملیۆن کەسیش لە چینەوە سەردانی پێگەکەیان کردووە.