روسیا مووشەکی دورھاوێژ بۆ لەناوبردنی دامەزراوە سەربازییەکانی ئۆکراین بەکار دەھێنێت

2022-03-06   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە پێشھاتێکی نوێی جەنگی ئۆکراین، وەزارەتی بەرگری ڕوسیا داوای لە کرێکار و فەرمانبەرانی کۆمپانیاکانی بواری چەک و جەنگی ئۆکراین کرد، شوێنەکانیان جێبھێڵن، چونکە لەمەودوا ھێرشی وردیان دەکرێتە سەر.

ئیگۆر کوناشینکۆف وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، بەم نزیکانە بە چەکی دورھاوێژ ھێرشی ورد دەکەنە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئۆکراین، بۆیە پێویستە بە زووترین کات کرێکار و کارمەندەکان ئەو دامەزراوانە چۆڵ بکەن.

وتیشی، بەکارھێنانی فڕۆکەخانەی وڵاتانی دراوسێ لە لایەن ھێزی ئاسمانی ئۆکراینەوە، واتە ئەو وڵاتانەش بە کردار بەشداری شەڕی ئۆکراین دەکەن.

وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراینیش ڕایگەیاند، بەھۆی ھێرش و بۆردومانەکانی ڕوسیاوە، بۆ دووەم جار کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی لە شاری ماریوپوڵ لەلایەن ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە لە باکوری ئۆکراین شکستی ھێنا.

ڕێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتیش ئاماژەی بەوەکرد، بەھۆی مەترسی ئەمنییەوە ھەوڵەکانی بۆ بردنەدەرەوەی ھاوڵاتیانی شاری ماریوپوڵ ڕاگرتووە.

کۆشکی سەرۆکایەتی ڕوسیاش بڵاویکردەوە، پوتن سەرۆکی فەڕەنسای ئاگادار کردووەتەوە لە پاراستنی ئاسایشی دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکراین.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش رایگەیاند، ئیدارەی وزەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکراین، خراوەتە ژێر فەرمانی فەرماندەی ئەو ھێزەی ڕوسیا، کە ھەفتەی ڕابردوو وێستگە ئەتۆمییەکەی کۆنترۆڵکرد.