باڵیۆزخانەی عێراق: ٦٢٠ عێراقی لە ئۆکراینەوە گەیشتوونەتە پۆڵەندا

2022-03-05   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
باڵیۆزخانەی عێراق لە پۆڵەندا ڕایدەگەیەنێت، ٦٢٠ ھاووڵاتیی عێراق لە ئۆکراینەوە گەیشتوونەتە پۆڵەندا و بەدواداچوونیش بۆ زانینی ڕەوشی ھاووڵاتیانی عێراق لە ئۆکراین بەردەوامە.

باڵیۆزخانەی عێراق لە پۆڵەندا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، زیاتر لە ھەفتەیەکە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا، لە ھەماھەنگیدان بۆ کۆتاییھێنان بە خەم و کێشەی ئاوارە عێراقییەکانی ئۆکراین و  چارەسەرکردنی کێشەکانیان و ھاوکارییکردنی بەپەلەیان.

وتیشی، تا ئێستا نزیکەی ٦٢٠ ھاووڵاتیی عێراقی لە ئۆکراینەوە گەیشتوونەتە پۆڵەندا و سەردانە مەیدانییەکانیشیان بۆ سنوورەکانی ئۆکراین و پۆڵەندا، بۆ زانینی ڕەوشی ئاوارە عێراقییەکانی پۆڵەندا بەردەوامن.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، عەلی عەباس جیھانگیر وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ڕایگەیاند، ٥ ھەزار و ٥٣٥ ھاووڵاتی عێراقیی کە بە شێوەیەکی یاسایی چوونەتە ئۆکراین، بەھۆی ھێرشەکانی ڕووسیا لە خاکی ئەو وڵاتە گیریانخواردووە.