نرخی گواستنەوەی کاڵاکان لە چینەوە بۆ وڵاتانی جیھان بە ڕێژەی لە ١٠٠٪ بەرزبووەتەوە

2022-03-04   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی و ئەو ڕێکارانەی حکومەتی بەیجین گرتوویەتیەبەر بۆ ھەناردەکردن، نرخی گواستنەوەی کاڵاکان لە چینەوە بۆ وڵاتانی تر بە ڕێژەی لە ١٠٠٪ بەرزبووەتەوە.

(مەریوان سەدڕەدین) بازرگان و خاوەنکار لە وڵاتی چین بە کوردسات نیوزی ڕایگەیاند: لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سیاسەتی نوێی حکومەتی بەیجین تایبەت بە باج و ڕوسمات، بە شێوەیەکی گشتی نرخی کەلوپەل لە چین بە ڕێژەی نزیکەی لە ١٠٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش پاڵنەرە بۆ ئەوەی بەشێک لە بازرگاکانی وڵاتانی بەدوای شوێنگرەوەی چیندا بگەرێن ڕوویان لە تورکیا و ئێران و وڵاتانی تر بکەن بۆ ھاوردەکردن و پڕکردنەوەی بازاڕی ناوخۆی وڵاتانی خۆیان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە بەرامبەریشدا چین سیاسەتی خۆی گۆڕیوە و دەستبەرداری ھەناردەکردنی کاڵای جل و بەرگ و پێداویستی ناوماڵ بووە، و چاوی لەسەر ئەوەیە وەک وڵاتانی تری پیشەسازی ھەناردەی تەنکەلۆژیا و ئۆتۆمبیل زیاد بکات.

سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین (مەریوان سەدڕەدین) وتی، ھێشتا کاریگەرییەکانی ئەو پرسە لە بازاڕی چین دەرنەکەوتووە و چاودێری دۆخەکە دەکات، بەڵام لە ئەگەری زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و وزە، چینیش ھەڵوێستی خۆی دەبێت.