ئۆکراین ھەواڵی کوژرانی ژەنەڕاڵێکی سوپای ڕووسیای ڕاگەیاند

2022-03-04   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لێپرسراوانی ئۆکراین ئاشکرایانکرد، لەم ھەفتەدا ھێزەکانی بەرگری ئۆکراین ژەنەڕاڵێکی سوپای ڕووسیایان لە ڕووبەڕوونەوەکانی ناوخۆیی وڵاتەکەیاندا کوشتووە.

ڕۆژنامەی براڤدای نزیک لە کریملین بڵاویکردەوە، ژەنەڕەڵ ئەندرێ سوخوڤیتسکی تەمەن ٤١ ساڵ لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا لە ئۆکراین کوژراوە.

ئەو ژەنەراڵە ساڵی ڕابردوو کرایە جێگری فەرماندەی ھێزی چەکداری ٤١ی سوپای ڕووسیا و پێشتریش فەرماندەی فیرقەی پەڕەشوتی ھێزە سەربازییەکانی ڕووسیا بووە لە سوریا، وە لەسەر ئەرکەکانی لە سوریا نیشانەی ئازایەتی وەرگرتووە.

لە لایەکی دیکەوە فۆلۆدیمێر ئوملیان وەزیری پێشووی ژێرخانی ئابوری ئۆکراین، کە یەکێکە لە ئەندامی گروپە چەکدارەکانی ناو کیێڤی پایتەختی ئۆکراین ڕایگەیاند، ئەوان ئەو ژەنەڕاڵەی ڕووسیایان کوشتووە.

لای خۆشییەوە ئەمریکا ڕایگەیاند، تا ئێستا دڵنیانەبووەتەوە لە ھەواڵی کوژرانی ئەو ژەنەڕاڵەی سوپای ڕووسیا لە ئۆکراین.