وەفدی ڕووسیا و ئۆکراین لە بێلاروس کۆبوونەوە

2022-03-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەفدی باڵای ڕووسیا و ئۆکراین لە ھەرێمی (گومیل)ی بێلاروس کۆبوونەوە و وەزیری دەرەوەی بێلاروس ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی داھاتوودا خولێکی تری دانوستانەکان بەڕێوەدەچێت.

دوای ٢٠ سەعات چاوەڕوانی وەفدی دانوستانکاری ڕووسیا و ئۆکراین بە نێوەندگیری بێلاروس کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش وەزیری دەرەوەی بێلاروس ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی داھاتوودا خولێکی تری دانوستانەکان بەڕێوەدەچێت.

سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری ئۆکراینیش ڕایگەیاند، لەگەڵ وەفدی ڕووسیا لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتوون و بۆ ڕاوێژ دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.

سەرۆکایەتی ڕووسیاش ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی وەفدی ڕووسیا و ئۆکراین ٥ سەعاتی خایاندووە و لە داھاتووشدا خولێکی تری دانوستانەکان بەڕێوەدەچێت.

دەربارەی دانوستانەکانیش سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند، وەفدی وڵاتەکەی داوای کشانەوەی تەواوەتی سوپای ڕووسیای کردووە لە ناو خاکی ئۆکراین بە دوورگەری کریما و ھەرێمی دونباسیشەوە.

سەرۆکی ئۆکراین ڕاشیگەیاند، کیێڤ مەبەستیەتی لە کاتی گفتوگۆکاندا ھێرشەکانی ڕووسیا بۆسەر وڵاتەکەی ڕابگیرێت.