ڕووسیا: ناردنی چەک بۆ ئۆکراین لەلایەن یەکێتی ئەوروپا مەترسیدارە

2022-02-28   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ڕووسیا ڕایگەیاند ناردنی چەک و تەقەمەنی لەلایەن یەکێتی ئەوروپا بۆ ئۆکراین کارێکی مەترسیدارە و دەبێتەهۆی ناسەقامگیری، یەکێتییەکەشی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی "کاری تێکدەرانە."

مۆسکۆ دەڵێت ئامانج لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بۆسەر ئۆکراین داماڵینی ئەو وڵاتەیە لە چەک و تەقەمەنی و دوورخستنەوەی مەترسییە لەسەر خاکی ڕووسیا.

ئەمڕۆ سوپای ڕووسیا کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ئاسمانی ئۆکراین و شارەکانی (بێردیان سک و ئینرھوداری) لە خۆرئاوای ئەو وڵاتە راگەیاند، سوپای ئۆکراینیش کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوەی ئەتۆمیی"زابرۆشیا"، لە لایەن روسیاوە رەتدەکاتەوە.

وەزارەتی بەرگریی روسیا راگەیاندراویکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، تەواوی ئاسمانی ئۆکراین لە ژێر کۆنتڕۆڵی فڕۆکەکانی روسیادایە و لە سەرەتای شەڕەکەشەوە تائێستا، ھەزار و ١١٤ پێگەی سەربازی و ٣١٤ تانک و زرێپۆش و ٥٧ موشەک و ١٢١ تۆپ ھاوێژی سوپای ئۆکراینیان تێکشکاندووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە هەردوو وڵاتی ئۆکراین و ڕووسیا ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و کۆتاییهێنان بە شەڕ، و ڕێککەوتوون شوێنی کۆبوونەوەکانیان بەرنە سنووری نێوان بێلاڕوس و ئۆکراین.