ئۆکراین و ڕووسیا بۆ کۆتاییھێنان بەشەڕ کۆدەبنەوە

2022-02-27   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
نوسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکراین ڕایگەیاند لەگەڵ ڕووسیا ڕیککەوتن شوینی گفتوگۆکانیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ ببەنە سەر سنووری نێوان بیلاڕووس و ئۆکراین.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە تێیدا کاتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە، نوسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکراین دەڵێت ھەردوولا کۆدەبنەوە.


نوسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکراین ڕاگەیەندراوەکەی لەسەر پەڕەی فەرمی خۆی لە تێلیگرام بڵاوکردووەتەوە بەبێ ئەوەی کاتی کۆبوونەوەکە دیاریبکات، ھەروەھا ڕێککەوتنی ھەردوولا لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت وەفێکی ڕووسیا بۆ ھەمان مەبەست سەردانی بیلاڕووسی کرد.


ھەر ئەمڕۆ سەرۆکی ئۆکراین ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی ڕایگەیاند، بە تەلەفون قسەی لەگەڵ سەرۆکی بیلاڕووس ئەلیکساندەر لوکاشینکۆ کردووە.


زیلینسکی لە تێلیگرامی رەسمی خۆی ڕایگەیاند، قسەی لەگەڵ لوکاشینکۆ کردووە، بەڵام ھیچ زانیاری لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکە نەدرکاندووە.


 ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی ھەینی سەرۆکی ئۆکراین ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ڕووسیا بە ئامانجی ئەوەی کۆتایی بە گرژییەکان بھێنن، ھەمان ڕۆژ وتەبێژەکەی سەرۆکایەتی ڕووسیا ڕایگەیاند مۆسکۆش ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لە مینسک و بیلاڕووس.


بە گوتەی وتەبێژی کرملن، لایەنی ئۆکراین داوای کردووە شوێنی کۆبوونەوەکان ببرێتە پۆڵەندا و وارشۆ، بەڵام دواتر ئۆکراین وەڵامی مۆسکۆی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لە بیلاڕووس نەداوەتەوە.