وەزارەتی بەرگری ئۆکراین: چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ سوپای روسیا بگاتە دەروازەکانی کیێڤ

2022-02-25   |  
سوپای روسیا
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە گەڕەکەکانی باکور و باکوری خۆرھەڵاتی کیێڤی پایتەختی ئۆکراین شەڕو پێکدادانی قورس بەردەوامە و زەنگی ئاگادارکردنەوە بە بەردەوامی لە شارەکە لێدەدرێت.

سوپای روسیا لە چەند قۆڵێکەوە بەردەوامە لە پێشڕەویکردن بەرەو کیێڤی پایتەختی ئۆکراین و بە پێی دواین زانیارییەکان شەڕ لە گەڕەکەکانی باکور و باکوری خۆرھەڵاتی ئۆکراین دەستیپێکردوە.

وەزارەتی بەرگری ئۆکراین رایگەیاند، لە دەروازەکانی باکوری کیێڤ شەڕو پێکدادان لە نێوان ھێزەکانیان و سوپای روسیا  دەستیپێکردووەو شەڕو پێکدادانی قورس لە چوارقۆڵەوە بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشدا، تانکەکانی روسیا بەرەو کیێڤ لە پێشڕەویدان و چاوەڕوان ئەمرۆ بگەنە ناوەندی شارەکە.

ھەروەھا ھێزەکانی پاسەوانی سنوری ئۆکراین ئاشکرایانکرد، بەھۆی ھێرشەکانی سوپای ڕوسیا و داگیرکردنی دورگەی مارەکان لەسەر دەریای ڕەش ١٣ سەربازیی ئۆکراین کوژراون.

وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراین بڵاویکردەوە، فرۆکە جەنگییەکانی روسیا، ٣٣ شوێنی مەدەنییان بۆردومانکردووەو بەھۆیەوە ٢ منداڵ گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی بەرگری روسیاش رایگەیاند، لە ھێرشەکاندا ١١٨ دامەزراوەی سەربازی ئۆکراینیان لە کارخستوە کە ١٣یان تایبەت بوون بە سەرکردایەتی و کۆنترۆڵکردن.

بەپیی دواین ئامارەکانیش، تا ئێستا لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ھێزەکانی ئۆکراین و سوپای روسیا، زیاتر لە ١٦٠ مەدەنی لە ئۆکراین کوژراون و نزیکەی ٣٢٠ی دیکەش برینداربوون.