فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی کیێڤ بە چڕی بۆردومان کرا

2022-02-25   |  
فرۆکە جەنگی ڕوسیا
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دوو رۆژە روسیا ھێرشی بۆ سەر ئۆکراین دەستپێکردووەو لە باکوری خۆرئاوای وڵاتەکەوە لە بەرەوپێشچووندایە بەرەو کیێڤی پایتەخت، لەبەرەبەیانی ئەمرۆش فرۆکە جەنگییەکانی روسیا بە چڕی کیێڤیان بۆردومانکرد.

ئاژانسی ھەواڵی ئینتەرفاکسی ڕوسیا بڵاویکردەوە، پێشڕەوی سوپای روسیا لە باکوری خۆرئاوای ئۆکراینەوە بەرەو کیێڤی پایتەخت بەردەوامەو فرۆکە جەنگییەکانیش بە چڕی بەسەر ئاسمانی شارەکەدا دەسوڕێنەوە، ھەروەھا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو تەقینەوەی گەورە لە کیێڤ پایتەختی ئۆکراینی بیستراوە و وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیش ئامادەباشی سەرتاسەری ڕاگەیاندووە.

فلادیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند، لە کاتژمێر چواری بەرەبەیانەوە پایتەختی ئۆکراین ڕووبەڕووی ھێرشی چڕی موشەکی بووەتەوەو بۆردومانەکانیش ناوچە مەدەنییەکانیان کردووەتە ئامانج و قوربانی زۆری لێکەوتۆتەوە. راشیگەیاند، ئەو سزایانەی بەسەر روسیادا سەپێنراون بەس نین.


وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیاش ڕایگەیاند، ڕوسیا بە موشەکی بالیستی  و کروز ھێرشی تۆقێنەری کردووەتە سەر کیێڤی پایتەخت و ئاژانسەکانی ھەواڵیش بڵاویانکردەوە، کاروانێک تانکی ڕوسیا بە ڕێگاوە بەرەو پایتەختی ئۆکراین .

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری ئۆکراین بڵاویکردەوە، فڕۆکەخانەی کیێڤ بە خەستی بۆردومان کراوە، فڕۆکەی فڕۆکەخانەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە.

ئاژانسەکانی ھەواڵ باس لەوە دەکەن لە دوای بۆردومانە موشەکییەکەی بەیانی ئەمڕۆی سەر پایتەختی ئۆکراین، فڕۆکەی جەنگی بە چڕی بە ئاسمانی شارەکە دەسوڕێنەوە و دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ھەموو شوێنێک بیستراوە، بۆ خۆ حەشاردان و ئامادەکاری بۆ بەردەوامی ھێرشەکان.

لە لایەکی دیکەوە تۆڕی ھەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکا بڵاویکردەوە، یەکێک لەو تەقینەوە گەورانەی کە بەیانی ئەمڕۆ لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراین بیستراوە، کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازیی ئۆکراین بووە نەک ڕوسی.