بایدن چالاکی ئابوری لەگەڵ لوھانسک و دۆنیتسک قەدەغە دەکات

2022-02-22   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھەر لە چوارچێوەی کاردانەوەکان، "جۆو بایدن" سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی بۆ قەدەغەکردنی چالاکی ئابوری لەگەڵ ھەردوو ھەرێمی "دونیتسک" و "لۆھانسک" ئیمزا کردووە، "بۆریس جۆنسن" سەرۆک وەزیرانی بەریتانیش ھۆشداری دەدات لە داگیرکاری ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین لە ماوەی چەند سەعاتێکدا.

کۆشی سپی بڵاویکردەوە، "بایدن" فەرمانێکی ئیمزا کردووە کە بازرگانی و وەبەرھێنان لە نێوان ئەمریکییەکان و ھەردوو ھەرێمی "لوھانسک" و "دونیتسک" دوای سەربەخۆبوونیان قەدەغە دەکات، ئەو بڕیارە وەبەرھێنانی نوێ و ھاوردەی پێداویستی و کەلوپەلێکی تەکنەلۆژی لەو دوو ناوچەیەوە بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەگرێتەوە.

"بایدن" پەیوەندیشی لەگەڵ "ئیمانوێل ماکرۆن" سەرۆکی فەڕەنسا و "ئۆلاف شۆڵتز" ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنجامداوە و بۆ ماوەی ٣٠ خولەک ڕەوشی ئۆکراینیان تاوتوێ کردووە، ئیدانەی دانپێدانانی ڕووسیاشیان بۆ سەر ئەو دوو ھەرێمە کرد.

ھاوکات "ئەنتۆنی بلینکن" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە ھۆکاری ئەمنی تەواوی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان لە ئۆکراینەوە گواسترانەوە پۆڵەندا. 

"بۆریس جۆنسن" سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش ھۆشداری داوەتە سەرۆکی ئۆکراین لە داگیرکاری ڕووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە لە ماوەی چەند سەعاتێکدا، وتیشی تاوتوێ ناردنی ھاوکاری زیاتر دەکەن بۆ وەزارەتی بەرگری ئۆکراین و سزاش بۆ سەر ڕووسیا ڕادەگەیەنن.