وەزیری بەرگری ئەمریکا: ھێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراین لە ئانوساتدایە

2022-02-18   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لوید ئوستن وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، ھێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراین لە ئانو ساتدایە ، وەزیری بەرگری پۆڵەندا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەر و ئاوارەی ئۆکراین، گەر ڕوسیا وڵاتەکەیان داگیر بکات.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئوستن لەگەڵ ماریۆش بلاشاک وەزیری بەرگری پۆڵەندا ڕایگەیاند، سوپاسی پۆڵەندا دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە ھێزی زیاتری سوپای ئەمریکا، کە ھەموو پێداویستییەکی لۆجستیان بۆ دابین دەکات.


وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ڕوسیا ئۆکراین داگیر بکات، ئەوا ھەزاران ئاوارەی ئۆکراین ڕوو لە پۆڵەندا دەکەن.


ڕوونیشیکردەوە، ڕوسیا ھەڕەشە لە ھاوسێکانی دەکات و ئەوان ھەموو ھاوکارییەکی ئۆکراین دەکەن، بۆ ئەوەب بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات.


لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختیکردەوە، ڕەوشەکە پێویستی بە بەرپەرچدانەوەیەکی بە کۆمەڵ ھەیە لە دژی ڕوسیا و ھەموو ھۆکارێک بەکاردەھێنن بۆ پشتیوانی لە ھاوپەیمانەکانیان.