وەرزش

سەرۆكی ناپۆلی ڕەخنەی توند لە ئەندریا پێرلۆ دەگرێت


دی لاورێنیسی سەرۆكی یانەی ناپۆلی وەڵامی لێدوانێكی ئەندریا پێرلۆی ڕاهێنەری یانەی یوڤانتۆسی دایەوە كە تیایدا ڕەخنەی لە بڕیارەكەی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئیتاڵیا گرتبوو بەوەی دەبێت یاریی ناپۆلی و یوڤانتۆس ئەنجام بدرێت و سەركەوتنەكەی یوڤانتۆسی هەڵوەشاندەوە.

پێرلۆ لە بارەی ئەو بڕیارەوە ڕایگەیاندبوو كە بەداخە بۆ ئەو یانانەی سەرەڕای ڕێگرییەكان بەڵام لەم وەرزەدا گەشتیان كردووە بۆ ئەنجامدانی یاریی و دواتریش خاڵیان لە دەستداوە.

لە وەڵامی ئەو لێدوانەدا دی لاورێنس بە ڕادیۆی كاپیتاڵی ئیتاڵی ڕاگەیاندووە كە پێرلۆ پارێزەر نییە تا لەو شتانە تێبگات و ئاگاداری پڕۆتۆكۆلەكان نییە.

سەرۆكی ناپۆلی جەختیش دەكاتەوە كە پێویستە پێرلۆ بە ڕاهێنەرایەتی كردنەوە سەرقاڵ بێت و شتە یاساییەكان بۆ كەس شارەزاكان جێبهێڵێت.

پێرلۆ بۆ یاریی ڕووبەڕووبوونەوەی ناپۆلی ناوی ١١ یاریزانەكەشی ڕاگەیاند سەرەڕای ئامادەنەبوونی شین پۆشەكان، دواتر یارییەكە بە براوە بۆ یوڤانتۆس دانرا و دوای تانەدانی ناپۆلی دادگای ئۆڵۆمپی ئیتاڵیا بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە و یارییەكە لە كاتێكی تردا ئەنجام دەدرێت.



2 مانگ پێشتر - Dec 26 2020 2:27PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
123