بایدن: خەڵکی روسیا دوژمنمان نین

2022-02-16   |  
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
"جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ھێشتا ئەگەری ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین زۆرە و ئەوەش زیانی گیانی زۆر گەورەی لێدەکەوێتەوە.

"بایدن" لە وتارێکدا لە کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەداوە، کشانەوەی بەشێک لە ھێزەکانی روسیا لە ناوچە سنورییەکانی ئۆکراین ھەنگاوێکی باشە، بەڵام دڵنیا نین لەوەی ئەو ھێزانە بەرەو شوێنی سەرەکی خۆیان دەڕۆن یاخود نا.

"بایدن" راشیگەیاند ئەمریکا ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھەنگاوێکی سەربازی روسیا دژی ئۆکراین و ھیوای خواست چانس بدرێت بە سەرکەوتنی رێگەچارەی دیبلۆماسی. 

بایدن دەڵێت ، ئێمە خەڵکی روسیا ناکەینە ئامانج، ناشمانەوێت رەوشی روسیا ناجێگیر بکەین، دەمەوێت بە خەڵکی روسیا بڵێم ئێوە دوژمنی ئێمە نین، پێشم وانییە کە کەس جەنگێکی خوێناوی و وێرانکەری بوێت.