یەکێتی ئەوروپا بەشێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە ئۆکراین دەکشێنێتەوە

12/02/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا بەشێک لە فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەکەی ڕاسپارد ئۆکراین جێبھێڵن و باس لە ڕۆیشتنەوەی دیپلۆماتکارە ڕووسەکانیش دەکرێت.

پیتەر ستانۆ وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، بە نیازی جێھێشتنی ئۆکراین نین، بەڵام ژمارەیەک لە فەرمانبەرە نا پێویستەکانیان لەو وڵاتە دەگوازنەوە، بۆ ئەوەی لە دەرەوەی ئۆکراین کارەکانیان ڕابپەڕێنن.

وڵاتانی کەنەدا و نیوزلەندا و فنلەنداش داوایان لە ھاوڵاتییەکانیان کردووە، بە پەلە ئۆکراین جێبھێڵن.

سەرچاوەکانی ھەواڵیش لە زاری ھاوڵاتیانی ئۆکراینەوە بڵاویانکردەوە، دیپلۆماتکار و فەرمانبەرانی دوو کونسوڵخانەی ڕووسیا دەستیان بە جێھێشتنی ئەو وڵاتە کردووە.

لە پێشھاتێکی دیکەشدا ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە نیازە بە تەلەفۆن لەگەڵ سیرگی لاڤرۆڤ ھاوتا ڕووسییەکەی قسە بکات، بەرلەوەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن پێکەوە قسە بکەن. وتیشی، ئاماژەکان زۆر جێگەی دوودڵین، دوای ئەوەی ڕووسیا ھێزی زیاتری لە سنوری ئۆکراین کۆکردووەتەوە.

ھەر لەو چوارچێوەیەدا لێپرسراوێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرایکرد، وەک پابەندبوونی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە ھاوپەیمانەکانی ناتۆ و پێشھاتەکانی ڕەوشی ئۆکراین، واشنتۆن بەم نزیکانە سێ ھەزار سەربازی دیکەی وڵاتەکەی ڕەوانەی پۆڵەندا دەکات.