ناعورەکانی عێراق خرانە ناو لیستی کەلەپوری یونسکۆوە

16/12/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ناعورەکانی تایبەت بە بواری ئاودێری، خرانە ناو لیستی کەلەپوری ڕێکخراوی پەروەردە و فێرکردنی (یونسکۆ)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە شەشەمین کۆبوونەوەی لیژنەی حکومەت بۆ پاراستنی کلتور و شوێنەوارەکان، کە بە شێوەی ئۆن لاین لە یونسکۆ بەڕێوەچوو، بڕیاردرا ناعورە مێژووییەکانی عێراق بخرێنە لیستی کەلەپورە مێژووییەکانی سەر بە ڕێکخراوی پەروەردە و فێرکردنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.


ناعورەکانی شارۆچکەی ھیتی سەر بە پارێزگای ئەنبار، بەشێکە لە ناسنامەی ناوچەکە و ھەرچەندە لە ئێستادا بەھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای کشتوکاڵ و ئاودانەوە سودی لێ نابینرێت، بەڵام دانیشتوانەکەی سورن لەسەر پاراستنی وەک بەشێک لە کەلەپوری ناوچەکەیان، کە بە درێژایی ھەردوو بەرەی ڕووباری فوڕات ماونەتەوە.


ناعورەکانی تایبەت بە ئاودێری لە عێراق بە زۆری دەکەونە پارێزگای ئەنبار و لە شارۆچکەکانی حەدیسە و ھیت و بەغدادی و ڕاوە و عانە قائیم ھەیە، بەڵام لە ئێستادا بەھۆی کشانەوەی ئاوی ڕووباری فوڕات بەشێکی زۆریان دووچاری داخوران و لەناوچوون بوونەتەوە.