قوباد تاڵەبانی: داوای لێبوردن لە خوێندکاران دەکەین

28/11/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

قوباد تاڵەبانی داوای لێبوردن لە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و ئەو خوێندکارانەی بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کردبوو دەکات و دەشڵێت، باوەڕم بە مافی ژنان ھەیە و پەشیمان نیم لەوەی وتومە پیاوبە توندوتیژی دژی ژنان رابگرە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی یەکسانی جێندەری ستراتیژیەتی بەھێزکردنی پێگەی ژنان لە ھەرێمی کوردستاندا وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، باوەڕم بە مافی ژنان ھەیە و پەشیمان نیم لەوەی وتومە پیاوبە توندوتیژی دژی ژنان رابگرە.


لەبارەی توندتیژی بەرامبەر کچان لە خۆ پیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ وتی، ئەو کچانەی لە خۆپیشاندانەکان برینداربوون لە بەر ئەوە نەبووە کە کچن، بەڵکو لەبەرئەوە بووە کە خۆپیشاندەر بوون و کچانی زانکۆ سەلماندیان بۆ داواکردنی مافەکانیان لەگەڵ کوڕان جیاوازییان نییە.


سەبارەت بە سوکایەتیکردن بە ئاڵای کوردستانەوە لەلایەن خوێندکارانەوە رایگەیاند، بە ھەزاران خوێندکار رژاونەتە سەر شەقام و داواکاریان ھەیە، بەڵام لە بری ئەوەی لێیان نزیک ببینەوە لێیان تێبگەین، لە رێگەی گرتە ڤیدیۆیەکەوە تۆمەتباریان دەکەین بە سوکایەتیپێکردن بە ئاڵای کوردستان، بەبێ ئەوەی بە دوای راستی بابەتەکەدا بگەڕێن و ھێندەی تر خوێندکاران لە خۆمان توڕەتر دەکەین.


وتیشی، بۆیە بچوکترین شت کە ئێستا بکەین داوای لێبوردنە لە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و سەرجەم خوێندکارانی زانکۆکانی تر بەشداریان لە خۆپیشاندانەکاندا کردبوو، کە لەئێمە زیاتر خەمی ئاڵای کوردستانیانە.