قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی ئیتاڵیا کۆبوونەوە

28/11/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز



قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیکرد لە برونۆ ئەنتۆنیۆ باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق وپێکەوە باسی دواپێشھاتە سیاسییەکان کرد و جەخت لەچارەسەر کردنی گرفتەکان لەڕێی گفتوگۆوە کرایەوە.

لەو دیدارەدا کە ئەمرۆ یەک شەممە ٢٨/١١/٢٠٢١ لەھەولێر بەڕێوەچوو و دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و میکێلێ کامیرۆتا کۆنسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، باس لەدوایین گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی لەعێراق کرا بەتایبەت لەقۆناغی دوای بەرێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەنگاوەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ، سەرباری خستنەڕووی کێشە و ئاستەنگەکان، پێویستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە لەرێی گفتوگۆوە دووپاتکرایەوە لەپێناو ھێنانەکایەی ئاشتی و سەقامگیری لەعێراق دا.

تاوتوێکردنی ئەو چاکسازییانەی کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان گرتویەتیەبەر تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو، کە لەوبارەیەوە پشتیوانی و ھەماھەنگییەکانی کونسوڵخانەی گشتی ئیتاڵیا لەھەرێمی کوردستان بەرزنرخێنرا.

لەبارەی ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران کە لەئێستادا رای گشتی جیھانی بەلای خۆیدا راکێشاوە، ھەردوولا دووپاتیانکردەوە کە پێویستە کاربکرێت تا کێشەی کۆچبەران نەک تەنیا لەسەر سنورەکان  بەڵکو لەسەر ئاستی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش چارەسەر بکرێت و کاربکرێت بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابوری بەھێز کەتیایدا ئاستی بژێوی تاک زامن بکات.