دەستگیرکراوانی شێلادزێ سێ ڕۆژە لە ئاسایشی ھەولێر مانیانگرتووە

27/11/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

گوھدار زێباری و دەستگیرکراوانی ناحیەی شێلادزێ، ماوەی سێ ڕۆژە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش لە ھەولێر دەستیان بە مانگرتن کردووە و داوای بەھاناوەچوون دەکەن.

کەسوکاری گوھدار زێبازی بە کوردسات نیوزیان راگەیاند، ئەمڕۆ کە سەردانی کوڕەکەیان کردووە لە ئاسایشی گشتی، پێی راگەیاندوون ماوەی سێ ڕۆژە لەگەڵ ھەموو زیندانیانی تری شێلادزێ مانیان لە خواردن گرتووە و تا دۆسیەکەیان یەکلایی نەکرێتەوە مانگرتن ناشکێنن.


ئاماژەیان بەوەشدا، رەوشی رۆژنامەنوسان و چالاکوانەکانی شیلادزێ و بادینان لە زیندان زۆر خراپە و داواکارن لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و جیھانییەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە سیاسیەکان بەھانایانەوە بچن. 


داواشیان کرد بە زووترین کات ئاسایشی ھەولێر رێگەیان بدات چاویان بە پارێزەرەکانیان بکەوێت و رۆژی دادگاییکردنیشیان دیاری بکرێت، ھەروەھا حوکمدراوەکان لە ئاسایشی گشتیەوە بگوازرێنەوە بۆ چاکسازی گەوران لە ھەولێر یان دھۆک.