سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ھۆشداری دەدەن

15/10/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان لەبارەی ھەڵبژاردن و رەوشی ئێستای عێراق بڵاوکردەوە.

د.بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و د.فائیق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە راگەیەندراوە ھاوبەشەکەیاندا دەڵێن، جەخت لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەکەنەوە و ھەر ھەوڵێکیش رەتدەکەنەوە کە ئاسایشی گشتیی بخاتە مەترسییەوە.


لە راگەیەندراوەکەدا ھۆشداری بە لایەنەکان دراوە کە پێوستە تانە و ناڕەزاییەکانیان لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن لە چوارچێوەی یاسا و دەستوردا بێت و بە ھەموو توانایەکیشەوە پشتیوانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دەکەن.


لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا داوا لە لایەنەکان کراوە زمانێکی ژیرانە بەکاربھێینن و مامەڵەی باش لەگەڵ یەکتر بکەن، چونکە ھەڵبژاردن مافی رەوای ھاوڵاتیانە بۆ دروستکردنی دیموکراسییەت و پێویستە رێز لە دەنگی دەنگدەران و ئیرادەیان بگیرێت.

دەقی راگەیەندراوەکە...

راگەیەندراوێکی ھاوبەش لە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری
وەک بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و دەستووری و یاساییەکان، ھەروەھا بۆ پاراستنی پرۆسەی دەستووری و دیموکراسی وڵات و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق، ھاوکات لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی عێراق و کارکردن بۆ ئەوەی وڵات نەبرێت بە ئاڕاستەی کێشمەکێش و دۆخێکی نەخوازراو کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی گشتی بکات.


لەو چوارچێوەیەدا جەختدەکەینەوە لە گەڕانەوە بۆ خەڵک لەسەر بنەمای دەستوور، چونکە خەڵک سەرچاوەی شەرعییەتی حوکمڕانییە و ھەڵبژاردنیش مافێکی نیشتمانی و رێگەچارەیەکی دێموکراسی و ئاشتیانەیە بۆ گەڕانەوە بۆ خەڵک و بژاردەکانی، بۆیە پێویستە متمانەی گەلی عێراق بە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان بگێڕینەوە، تاوەکو ھەڵبژاردنەکان ببێتە مایەیی ھێنانەئاراوەی خواستی راستەقینەی گەل.


ھەروەھا سەبارەت بەو ناڕەزاییانەی کە ھەیە لەسەر  بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە لەچوارچێوەی یاسا جێی قبوڵکردنە، بۆیە مامەڵەکردن و یەکلایکردنەوەی پێویستە بەپێی دەستوور و یاسا دەبێت.


ھاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و دەسەڵاتی دادوەری تایبەت بەو بابەتە  دووپاتدەکەینەوە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە، ھەروەھا جەختدەکەینەوە لەگرنگی رەچاوکردنی ھەموو ئەو سکاڵا و تانانەی کە بەرزکراوەتەوە لەسەر  پرۆسەی ھەڵبژاردن بە پیشەیی و بەرپرسیارێتی و بێلایەنی تەواو.


داواش لە ھەموو لایەنەکان دەکەین بەرپرسیارێتی نیشتمانی و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات لەبەرچاو بگرن، و پابەندبن بە پاراستنی ئارامی و زمانی عەقڵ و دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە کە دوور نییە کاریگەری لەسەر ئاشتی و ئاسایشی گشتی بکات، ھەروەک دووپاتدەکەینەوە لەگرنگی یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ ھێنانەدی داواکارییە نیشتمانییەکان کە چاوەرێ دەکرێت بۆ پێکھێنانی ئەنجومەنی نوێنەران کە گوزارشت بێت لە خواستی گەل و ھێنانەکایەوەی چاکسازی بنەڕەتی و گەشەپێدان، و کارکردن بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی کارا کە کار بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و چەسپاندنی دەوڵەتی توانادار کە داوا رەواکانی خەڵک رووەو و ئایندەی باشتر بھێنێتەدی.


د. بەرھەم ساڵح 
سەرۆک کۆمار


دادوەر د. فایەق زێدان 
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری