پاریس سان جێرمان سەرکەوت بۆ یاری کۆتایی جامی فەرەنسا

13/05/2021
پاریس سان جێرمان
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

یانەی پاریس سان جێرمان توانی بە زەحمەت بەربەستی یانەی مۆنپیلیە تێپەڕێنێت و بلیتی یەکەمی یاری کۆتایی جامی فەرەنسا بەدەست بھێنێت.

لە میانی یاری یەکەمی قۆناغی پێش کۆتایی جامی فەرەنسا پاریس سان جێرمانی ھەڵگری نازناو بووە میوانی مۆنپیلیە و دوای یەکسانبوونیش بە دوو گۆڵ بە لێدانی پەنالتی یەکلایی کەرەوە سەرکەوتنی تۆمارکرد.
پاریسیەکان بە بەھێزی دەرکەوتن و توانیان لە دەقیقەی ١٠ بە گۆڵێکی کیلیان مباپی پێشکەوتن.
بەر لە پشووی نێوان گێمەکانیش جایتان لابۆرد ئەنجامەکەی بۆ مۆنپیلیە یەکسان کردەوە.
لە دەقیقەی ٥٠ جارێکی تر مباپی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ پاریسیەکان کردەوە.
دوای ئەوە پاریسیەکان ژمارەیەکی زۆری ھەلی گۆڵیان لەدەستدا تا دەقیقەی ٨٣ کە ئەندی دیلۆر توانی بە پێچەوانەی ریتمی یاریی ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە.
لە لێدوانی پەنالتی یەکلایی کەرەوە پاریسیەکان توانیان ٦ پەنالتی لەسەریەک گۆڵ بکەن بە پێچەوانەی مۆنپیلیە کە دوا پەنالتی لەدەستدا.