ئیسڕائیل گەورەترین ھێرشی مووشەکی بۆ سەر فەڵەستین ئەنجامدا

11/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سوپای ئیسڕائیل ١٣٠ شوێن لە کەرتی غەزەی فەڵەستین بۆردومان دەکات و لانیکەم ٢٤ کەس دەکوژرێن، ڕووداوەکە کاردانەوەی فراوانی وڵاتانی ئیسلامی لێکدەکەوێتەوە و بە توندی سەرکۆنەی دەکەن، ئەمریکاش پشتیوانی دەکات.

درەنگانی شەوی دووشەممە، لە کاردانەوەی ھەڵدانی ژمارەیەک مووشەک بۆ ناوچەی "ئەسقەلان" لە ئیسڕائیل، کە شەش برینداری لێکەوتەوە، حکومەتی ئیسڕائیل گەورەترین ھێرشی مووشەکی بۆ سەر فەڵەستین، لە ژێر ناوی " پاسەوانی شوورا" دەستپێکرد.


"جۆناسان کۆنرێکس" وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل، لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ٢٠٠ مووشەک لە غەزەوە ئاڕاستەی ئیسڕائیل کراون، کە ٩٠٪یان لەلایەن سیستمی دژە مووشەکییەوە خراوەنەتە خوارەوە، لە وەڵامدا ١٣٠ پێگەیان لە کەرتی غەزە کردووەتە ئامانج و بەھۆیەوە ١٥ چەکداری حەماس کوژراون.


بەڵام "مانگی سووری فەڵەستین" ڕایگەیاند، بۆردومانەکانی ئیسڕائیل ناوچەی نیشتەجێبوونی لە کەرتی غەزە گرتووەتەوە و لانیکەم ٢٤ کەس کوژراون، کە ٩ کەسیان منداڵن و ٢٠٠ کەسی تریش برینداربوون.


بۆردوومانی دوولایەنەی ئیسڕائیل و بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر یەکتر، کاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوچەکە لێکەوتەوە، لە زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی، خۆپیشاندانی پاڵپشتی لە فەڵەستین و دژایەتی ھێرشە مووشەکییەکانی ئیسڕائیل بەڕێوەچوو، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتیووانی خۆی بۆ ئیسڕائیل ڕایگەیاند و داوای لە فەڵەستین کرد، بۆ ھێورکردنەوەی ڕەوشەکە خۆی لە وەڵامدانەوەی ھێرشەکانی ئیسڕائیل بە دوور بگرێت.


ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین درێژکراوەی، گرژییەکانی سەرەتای ئەم ھەفتەیەن، کە لە مزگەوتی ئەقسا ڕوویاندا و بەھۆی ڕێگری سەربازانی ئیسڕائیل لە ئەنجامدانی نوێژ لە نێو مزگەوتەکە، پێکدادانی توند لە نێوان ھاوڵاتیانی فەڵەستین و سەربازانی ئیسڕائیل ڕوویدا.