یەکێتی مامۆستایانی کوردستان داوای کۆتاییھێنان بە لێبڕینی مووچە دەکات

11/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان داوای کۆتایھێنان بە لێبڕینی نایاسایی مووچە و گەڕانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان دەکات.

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە بۆنەی یادی ٥٩ ساڵەی دامەزراندنی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات کۆتایی بە لێبڕینی نایاسایی مووچە بھێنێت و ژمارەی بانکی بۆ سەرجەم مامۆستایان بکاتەوە و مووچەی ئەو مانگانەیان بۆ بگەڕێنێتەوە کە نەدراون یان پاشەکەوت کراون.


ھەروەھا داواش دەکات خزمەتی مامۆستایانی وانەبێژ کە لە ئێستادا بۆشایی دانەمەزراندنی مامۆستایانیان پڕکردووەتەوە لە بەرچاو بگیرێت و بە بەردەوامی کرێکانیان پێبدرێت و بە گرێبەست یان ھەمیشەیی دایان بمەزرێنن.


یەکێتی مامۆستایان داواش دەکات پلە و مووچە بەرزکردنەوە کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ڕاگیراوە، دەست پێبکاتەوە.


جەختیش دەکاتەوە لە جێبەجێکردنی ڕەشنووسی پارێزبەندی مامۆستایان کە سێ ساڵ زیاترە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە.


داواش دەکات لە یاسای چاکسازی دەست بۆ دەرماڵەی مامۆستایان بە گشتی و مامۆستایانی زانکۆ بە تایبەتی نەبرێت، ھاوکات لە یەکخستنی یاسای خانەنشینی دادپەروەری لەبەرچاو بگیرێت.