تا دوو مانگی تر ناتوانرێت حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنای ھیندی ئاشکرا بکرێت

11/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، تا دوو مانگی تر ناتوانن حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنای ھیندی لە عێراق ئاشکرابکەن.

ڕیاز عەبدولئەمیر حەلفی بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانەی لە ھیندستان گەڕاونەتەوە پشکنینی کۆرۆنایان بۆ کراوە و بەمنزیکانە ئەنجامی پشکنینیەکان دەردەچێت، بەڵام لە ئێستادا ناتوانن دیاری بکەن کە ئایا ئەوانەی تووشی کۆرۆنا بوون تووشبووی کۆرۆنای ھیندین یاخود جۆرەکانی تری کۆرۆنا.


ھۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە تا ئەو کاتەی کارەکان لە تاقیگەی پشکنین لە عێراق کۆتایی نەیەت ناتوانن پشکنین بۆ جۆرە نوێکانی کۆرۆنا بکەن، کۆتاییھاتنی کارەکانیش لەو تاقیگەیە لانیکەم دوو مانگی پێویست دەبێت.


بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژە بەوە دەدات کە نازانن ڤاکسینەکان تا چەند کاریگەرییان لەسەر کۆرۆنای ھیندی ھەیە، بەڵام ھەرچۆنێک بێت بەکارھێنانی ڤاکسین باشترە لە بەکارنەھێنانی.


دەشڵێت تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن کەس لە جیھاندا خۆیان کوتیوە، بۆیە پێویستە عێراقییەکانیش زیاتر بە دەم بەکارھێنانی ڤاکسینەوە بچن.