ژمارەیەک ھاوڵاتی عێراقی لە بەردەم باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لەھیندستان گردبوونەوە

11/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ژمارەیەکی زۆر ھاوڵاتی عێراقی لە ھیندستان لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە شاری دلھی گردبوونەوە و داوایان کرد کارئاسانیان بۆ بکرێت تاکو بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.

دەیان ھاوڵاتی عێراق کە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕوویان لە ھیندستان کردووە، بەھۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە لەو وڵاتە گیریان خواردووە و وەک خۆیان دەڵێن باڵیۆزخانەی عێراق و ھێڵی ئاسمانی عێراقی کارئاسانیان بۆ ناکەن تاکو بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.


ھاوڵاتییەکی کورد لە ھیندستان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، سەرباری ئاستەنگییەکان، باڵیۆزخانەی عێراق جیاکاری دەکات لە نێوان کورد و عەرەب و زیاتر کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی عەرەبەکان دەکات.
وتیشی، زۆرێک لەو ھاوڵاتیانە پارەیان پێ نەماوە و بلیتی فڕۆکەش بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ھەزار دۆلار.