وەزارەتی کارەبا ئاماری بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا ئاشکرا دەکات

10/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی کارەبای هەرێم ئاماری بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا ئاشكرادەکات و رایدەگەیەنێت، لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٦٣٣ ھەزار پێوەری زیرەکی کارەبا بەستراوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کارەبای ھەرێم، تائێستا ٦٣٣ ھەزار و ٦٦٥ پێوەری زیرەک بۆ ھاوبەشانی کارەبا بەستراوە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، لە سلێمانی ٢٤١ ھەزار و ٣١٥ پێوەر و لە ھەولێر ٢٠٦ ھەزار و ٦٠٦ پێوەر و لە دھۆک ١٢٤ ھەزار و ٥٧٩ و لە گەرمیانیش ٦١ ھەزار و ١٦٥ پێوەری زیرەک بۆ ھاوبەشانی کارەبا بەستراوە.

وەزارەتی کارەبا راشیگەیاندوە، پێوەری زیرەک یەکەکانی کارەبا بە پێی کات تۆمار دەکات و دەیپارێزێت و ھەڵیدەگرێت و لەڕێگەی پەیوەندی و گەیاندنەوە بۆ ناو کۆمپانیا یان کۆنترۆڵی دەنێرێت، بێجگە لەوەش ھەموو وردەکارییەکی ھەر بەکارھێنەرێکی کارەبا تۆمار و چاودێریی دەکات، ھەروەھا وردەکاریی زۆر لەسەر بەکارھێنانی کارەبا لەلایەن بەکاربەرەوە تۆماردەکات، کۆنترۆڵی کارەباش ئاگادار دەکاتەوە لە ھەر سەرپێچی و دەستکارییەک کە ھاوبەشی کارەبا بیکات و کۆنترۆڵ دەتوانێت کارەباکەی ببڕێت، بڕیاریشە لە ماوەی ئەمساڵدا پێوەری زیرەک لە تەواوی ھەرێمی کوردستان ببەسترێت.