حەماس چەندین مووشەک ئاراستەی شارەکانی ئیسرائیل دەکات

10/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەرانی فەلەستین و ھێزەکانی ئیسرائیل لە مزگەوتی ئەقسا ٣٠٥ فەلەستینی برینداربوون، لەبەرامبەریشدا حەماس شارەکانی قودس و سدیروتی مووشەکباران کرد.

وتەبێژی کەتائیبی قەسام باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، ھێزەکانیان مووشەکبارانی ھەردوو شاری قودس و سدیرۆتیان لە ئیسرائیل کردووە، وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر ھێرش و پەلاماری ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ھاوڵاتیانی فەلەستین لە مزگەوتی ئەقسا.

ھاوکات سەرای قودس باڵی سەربازی بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامی لە فەلەستین رایگەیاند، ٣٠  مووشەکیان ئاراستەی شاری سدیروتی ئیسرائیلی کردووە.

لەبەرامبەر ئەو ھێرشانەشدا فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆردومانی کەرتی غەزەیان کردوو، بەگوێرەی زانیارییەکان لە بۆردومانەکەدا نزیکەی ١٠ کەس کوژراون و ژمارەیەکی تریش برینداربوون.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو گروپەی بەرپرسیاربووە لە ھەڵدانی مووشەکەکان کراوەتە ئامانج. 

وتیشی، سەکۆی دژە مووشەک لەناوەراستی ئیسرائیل جێگیر دەکەن.

فراوانبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و گروپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێناوەو ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش لە گفتوگۆیەکی راوێژکارییان ئەنجامداو بڕیارە راگەیەنراوێک بڵاوبکەنەوەو داوا لە ئیسرائیل بکەن دەستبەرداری رێگری لە فەلەستینییەکان بێت و دان بەخۆیدا بگرێت و رێز لە رەوشی مێژوویی پێگە پیرۆزەکان بگرێت.