کاتی دادگایکردنی بەدەل بەرواری دیاریکرا

10/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دادگای تاوانەکانی دووی ھەولێر رۆژی ١٧ی ئابی ٢٠٢١ی دیاریکردووە بۆ دادگایکردنی مامۆستا بەدەل بەرواری، سەرۆکی تیمی پارێزەرانیش دەڵێت، نادادپەروەری لە بڕیارەکەدا ھەیە.

ئاسۆ ھاشم سەرۆکی تیمی پارێزەرانی بەدەل بەرواری بە کوردسات نیوزی راگەیاند، راگیراوەکانی بادینان لە ٢٦ی شوبات، حەوت کەس بوون ، پێنج کەس لەوانە سزای ٦ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دۆسیەی مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد حاجی برۆشی، لەلایەن دادوەری دادگایی تاوانەکانی دووی ھەولێر گەڕێنرایەوە بۆ دادگای لێکۆڵینەوە، چونکە وتەی یەکێک لە شاھیدەکانی تێدا نەبووە، بەوھۆیەشەوە پەڕاوی ئەو دوو کەسە لە پەڕاوی راگیراوەکانی تری بادینان جیاکرایەوە.

 وتیشی، لە ٩ی نیسانی ٢٠٢١ جارێکی تر دادگای لێکۆڵینەوە، پەڕاوەکەی گەڕاندەوە بۆ دادگایی تاوانەکانی دووی ھەولێر، لە ئێستاشدا بڕیاردراوە ١٧ی ئابی ٢٠٢١ مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد حاجی برۆشی دادگایی بکرێن.

جەختی لەوەشکردەوە، ئەو بڕیارە نا دادپەروەرانەیە، چونکە ئەو ماوە درێژە بەشێکە لە پڕۆسەی ئازاردانی مامۆستا بەدەل بەرواری و ئەو سیناریۆیەی لە بەرامبەری ھەیە و ھیچ بەڵگەیەک لە دژی نییە.