ھەسەدە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی ئەمنیی و سەربازیی فراوانی لە خۆرھەڵاتی سوریا ڕاگەیاند

10/05/2021
ئۆپراسیۆنی ئەمنیی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ھێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی ئەمنیی و سەربازیی فراوانیان لە خۆرھەڵاتی سوریا ڕاگەیاند.

ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە: ھێزەکانیان بە بەشداری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، رۆژی یەک شەممە ئۆپراسیۆنێکی ئەمنیی و سەربازیی فراوانیان لەناوچەی دۆڵی عەجیج لە ریفی دێرەزوور، دەستپێکردووە.


بە پێی راگەیاندراوەکەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات، ئامانج لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکە، لەناوبردنی شانە نوستووەکانی داعشە لەناوچەکەداو رێگرتنە لە جموجۆڵەکانیان لەسەر سنووری ھاوبەشی نێوان عێراق و سوریا. باس لەوەشکراوە: ئۆپراسیۆنە ئەمنیی و سەربازییەکە، بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.


کۆتایی مانگی ئاداری رابردوش، ھێزەکانی ئاسایش کە لەلایەن ھەسەدە پشتیوانی دەکرێت، ھەڵمەتێکی ئەمنییان لە کامپی ھۆل لە باکووری سوریا، ئەنجامداو بەدەیان تیرۆریستی داعشیان لەناوچەکەدا، دەستگیر کردبوو.