شاناز ئیبراھیم ئەحمەد: دەبێت کادرانی یەکێتی و گۆڕان بەرپرسیارێتی سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان لە ئەستۆبگرن
کوردسات نیوز
ئەمڕۆ ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢١، لە ھۆڵی دادە ھێرۆ لە بارەگای مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بەرپرسی میحوەری سلێمانی بۆ ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن، بە ئامادەبوونی عەتا محەمەد راوێژکاری قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتی و گۆڕان لە یەکە ئیدارییەکان و بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد باسی لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و کاریگەری لەسەر بەھێزی پێگەی کورد کرد و وتی، ھاوپەیمانی کوردستان بەشێکە لەخەونی خوالێخۆشبووان سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان بۆیە دەبێت کار بۆ سەرخستنی بکەین، بەدڵنیاییەوە بە بەیەکەوەبوون و یەک دەنگیمان بەھێزترین، بەسەرکەوتنمان پێگەشمان لە بەغدا بەھێزتردەبێت بۆ داکۆکیکردن لە ماف و داوا رەواکانی کۆمەڵانی خەڵک.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، ھەر لەمیانەی قسەکانیدا، جەختی لەوەشکردەوە کە دەبێت کادرانی یەکێتی و گۆڕان ھەمووان بەشداربن لەسەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی، لەمڕۆوە داوای لە نوێنەرانی یەکێتی و گۆڕان کرد لە دوای دەوامی فەرمی وەک کادرێک، ئەرک و رۆڵی حزبیان بگێڕن و ھاوڵاتیان ھۆشیار بکەنەوە و ھانیان بدەن بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە و پشتیوانیکردن لە ھاوپەیمانی کوردستان.
لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، بەداتا و زانیاری، زانیاری وورد لەسەر شێوازی ھەڵبژاردنی ئەمجارە و دابەشکاری بازنەکان و چۆنیەتی دەنگدان، بەتایبەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی روونکرایەوە.
|