مەڵبەندی بادینان راگەیەنراوێک لەبارەی سزادانی کادرێکی یەکێتییەوە بڵاودەکاتەوە

19/09/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

مەڵبەندی چواری بادینان راگەیەنراوێکی لەبارەی سزادانی کادرێکی یەکێتی بڵاوکردەوە.

مەڵبەندی چواری بادینانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا لەبارەی سزادانی "مەلا نەزیر بەرواری "بەرپرسی کۆمەڵایەتی یەکێتی لە زاخۆ ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، لە کاتێکدا دۆسیەی زیندانیانی بادینان کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتوەتەوە، ھەمووان چاوەڕوانی ئەوەبوون دادگا پێداچونەوە بە بڕیارەکانیدا بکات، بەڵام کادرێکی یەکێتی لە سنوری زاخۆ دەستگیر دەکرێت و سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت.


راشیگەیاندوە، ئەو بڕیارەی دادگا بڕیارێکی ناڕاستە و دوورە لە بنەما یاسایی و دادوەرییەکان، لە ھەمانکاتدا پێویستە ھەمووان ئەوە بزانن دەزگا ئەمنییەکان لەژێر ئازاردان و ئەشکەنجەدا، دانپێدانانیان لە مەلا نەزیر و دەستگیرکراوانی تری بادینان وەرگرتووە، ئەوەش پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە.