دەزگای ھەواڵگری عێراق سەرکردەیەکی داعش دەستگیر دەکات

11/09/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دەزگای ھەواڵگری عێراق سەرکردەیەکی داعشی دەستگیرکرد کە داواکاری پلە یەکەمی دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان بووە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند،  ھێزەکانی دەزگای ھەواڵگری سەرکردەیەکی داعشیان بە ناوی ئەبو ئیبراھیم دابق دەستگیرکردووە کە لێپرسراوی ئەمنی ویلایەتی باکوری عێراق بووە و داواکاری پلە یەکەمی دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستانیش بووە.


ئاماژەی بەوەشکردوە، تیرۆریستەکە بەرپرسی پێکھێنانی ئەو تۆڕە تیرۆریستییە بووە کە ماوەیەک لەمەوبەر لە ھەرێمی کوردستان دەستگیرکران و پلانیان ھەبووە چەند کردەیەوەیەکی کوشتن و تەقینەوە ئەنجام بدەن، ھەروەھا بەرپرسی پێکھێنانی تۆڕێکی تر بووە کە لە کەرکوک دەستگیر کراون.


بەپێی زانیارییەکانی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، دەستگیرکردنی سەرکردەکەی داعش دوای مانگ و نیوێک لە چاودێرکردنی دێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان لە شارەکانی بەغداد و ئەنبار و نەینەوا و کەرکوک. 


پێشتریش ھاوسەری ئەو سەرکردەیە دەستگیرکراوە کە بەرپرسی گواستنەوەی چەکی بێدەنگ و بۆمب بووە بۆ پارێزگای ھەولێر. شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق باسی لەوەش کردووە.