کێشەی ئاوی ھەولێر چارەسەر دەکرێت

06/08/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ماوەی سێ رۆژە دابەشکردنی ئاو لە ھەولێر بەڕێژەی لە ٦٠% کەمی کردووە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ھەولێریش رایدەگەیەنێت لە ماوەیەکی کەمدا گرفتی کەمی دابەشکردنی ئاو چارەسەر دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر رایگەیاند، بەھۆی بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و ھەرێمی کوردستان و بەرزبوونەوەی ئاستی لێڵبونی ئاوی ڕووباری زێی گەورە، ماوەی سێ رۆژە دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە لە ھەولێر بەڕێژەی لە ٦٠% کەمی کردووە. بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر وێڕای ئەوەی داوا لە ھاوڵاتیانی شاری ھەولێر دەکات دەست بە ئاوەوە بگرن، دووپاتیشی دەکاتەوە ھەموو ھەوڵێک خستووەتەگەڕ بۆ دابەزاندنی رێژەی لێڵبوونی ئاوەکە و پێشبینی دەکات لە ماوەیەکی کەمدا کێشەی کەمی دابەشکردنی ئاو لە ھەولێر چارەسەر ببێت.

نوسینگەی پارێزگای ھەولێریش رایگەیاندووە، ھاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە لە دوای چەند سەعاتێکی تر پڕۆژەکانی ئیفراز یەک، دوو، سێ بەکاردەخرێتەوە و ئاو دەگاتەوە ماڵەکانی ھاوڵاتییان، ھەروەھا تەواوی گرفت و کێشانی پڕۆژەی ئاوی قەندیلیش چارەسەرکراوە و پڕۆژەکە دەکەوێتەوەکار.