لەکۆی ٨٥ ئاگر لە تورکیا ٧٤یان کۆنترۆڵکراون

31/07/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، لە کۆی ٨٥ ئاگر لە دارستانەکانی ٢٦ پارێزگا کەوتوونەتەوە ٧٤ یان کۆنترۆڵکراون.

بەکر باکدەمیرلی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، تیمەکانی بەرگری شارستانی لە زەوی و ئاسمانەوە ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان دەدەن و تا ئێستا لە کۆی ٨٥ ئاگر کەلە ٢٦ پارێزگا کەوتوونەتەوە ٧٤یان کۆنترۆڵکراون و تا ئێستا ئاگری دارستانەکانی ئەدەنە و ئەنتاڵیا و  مێرسین و موغڵا و عوسمانییە کۆنترۆڵنەکراون.


لای خۆشییەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەو ناوچانەی ئاگریان لێکەوتووەتەوە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی کارەساتی سروشتی و دۆخی لەناکاوی تورکیاوە وەک ناوچەی کارەساتی کاریگەر لەسەر ژیانی گشتی راگەیەندراون.


سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە  لە تویتێکدا رایگەیاند، رەوشی ئێستا دەریدەخات کاتی ئەوە ھاتووە ھەوڵدان بۆ کۆتایی ھێنان بە قەیرانی ژینگەیی بکرێتە یەکێک لە ئەجێندا سەرەکییەکانی تورکیا.


وتیشی، ھیچ بیانویەک بۆ ئامادەنەبوونی حکومەتی تورکیا و بێتوانایی نییە و پێویستە حکومەتی ئەنقەرە دان بەو راستییەدا بنێت کە ھۆکاری مەترسییەکانی کارەساتی سروشتی، رەوشی کارەساتباری سیاسییە لە تورکیا.