بە ھۆکارێکی نادیار کۆمەڵگەیەکی پیشەسازیی پترۆکیمیایی لە ئەڵمانیا تەقیەوە

27/07/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

تەقینەوەیەکی گەورە لە ناوچەی "کیمپارک"ی شاری "لیڤەرکوزن" لە ئەڵمانیا ڕوویدا و دووکەڵێکی زۆر بەرز لە ئاسمانی ناوچەکە دەبینرێت.

بە ھۆکارێکی نادیار کۆمەڵگەیەکی پیشەسازیی، کۆمپانیاکانی بواری پترۆکیمیایی لە شاری لیڤەرکوزنی ئەڵمانیا تەقیەوە و دەیان کەس برینداربوون کە برینی دوو کەسیان سەختە، باس لە گیان لە دەستدانی چەند کەسێکیش دەکرێت، بەڵام ژمارەکەیان ئاشکرا نەکراوە، ھاوکات پێنج کەسی تر بەھۆی تەقینەوەکەوە بێ سەروشوێنن.


"ناوەندی فیدڕاڵی ئەڵمانیا بۆ پاراستنی مەدەنییەکان لە کارەسات"، تەقینەوەکەی بە ھەڕەشەیەکی گەورە ناوبرد و داوای لە دانیشتووانی ناوچەکانی نزیک تەقینەوەکە کرد، لە ماڵەکانیان بمێننەوە و دەرگا و دەرچەکانی ھەوا لە ماڵەکانیان دابخەن.


تا ئێستا ھۆکاری تەقینەوەکە و زەرەر و زیانە ماددی و مرۆییەکان نەزانراوە، تیمە فریاگوزارییەکانیش سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەن، کە بەھۆی تەقینەوەکەوە کەوتووەتەوە.