١٠٠ ھەزار دۆزی ڤاکسین دەگاتە ھەرێمی کوردستان

27/07/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ١٠٠ ھەزار دۆز لە ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە ھەرێمی کوردستان و دوای ھەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆناش، خواستی ھاوڵاتیان بۆ بەکارھێنانی ڤاکسین زیادی کردووە، بەرپرسانی تەندروستیش ڕایدەگەیەنن، جۆرەکانی ڤاکسین ھیچ جیاوازیان نیە.

دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ١٣١ سەنتەری دابەشکردنی ڤاکسین لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و بۆ ڕێگری لە دروستبوونی قەرەباڵغیش ناوەندەکانی دابەشکردنی ڤاکسین زیادکراون.

وتیشی، لە چەند ڕۆژی داھاتوو ١٠٠ ھەزار دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە ھەرێمی کوردستان و تا ئێستاش ٢٨٥ ھەزار دۆزی ڤاکسین دابەشکراوە.

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ٢٨٠ ھەزار کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە کە ١٦٠ ھەزار کەس ژەمی یەکەم و ١٢٠ ھەزار کەس ھەردوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەرپرسانی تەندروستیش لە پارێزگاکانی ھەرێم داوا لە ھاوڵاتیان دەکەن، بۆ وەرگرتنی ڤاکسین لە سیستمی ئەلکترۆنی خۆیان تۆمار بکەن و دوای ئاگادارکردنەوەیان سەردانی ناوەندەکان بکەن و دەشڵێن، جۆرەکانی ڤاکسینی ھیچ جیاوازییەکیان نیە و سەرجەمیان وەک یەک کاریگەرن، داواش لە ھاوڵاتیان دەکەن پێشوازییەکی باشتر لە وەرگرتنی ڤاکسین بکەن.