قوباد تاڵەبانی: دەرئەنجامی ھەوڵەکانمان بۆ کۆتاییھێنان بە گەندەڵی دەبینن

25/07/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، ئەرکی یەکێتی و گۆڕانە لە سەرکردایەتییەوە تا بنکە جەماوەرییەکان ھاوپەیمانی کوردستان سەربخەن.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕاندا رایگەیاند، بەپێویستی دەزانم جەخت لە ھەماھەنگی و کاری پێکەوەیی یەکێتیی و گۆڕان بکەمەوە کە دوا سپاردە و ئامانجی ھەردوو سەرکردەی مەزن مام جەلال و کاکە نەوە بوو.


قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێتیی لە دەستپێکێکی نوێ و لە قۆناغێکی نوێدایە، پێشمانوایە بەردی بناغەی چاکسازی و بەرەوپێشچوون لە بەھێزکردنی رایەڵەکانی پەیوەندیی ھێزە سیاسییەکانی کوردستاندا دێتەدی، پێداگرین لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندی گەندەڵی و یاساشکێنی لەپێناو ئەوەی بگەینە حوکمڕانییەکی دروست و رەشید کە خەونی چەندین ساڵەی گەلەکەمانە.


راشیگەیاندووە، ئەرکی یەکێتی و گۆڕانە لە سەرکردایەتییەوە تا بنکە جەماوەرییەکان ھاوپەیمانی کوردستان سەربخەن لە ھەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەھاوکاری ھەموولا دەتوانین یەکدەنگییەکی کوردستانی لەسەر نەگۆڕە نیشتمانی و نەتەوەییەکان لە عێراق دروست بکەین و مافە دەستوریی و نەتەوەییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر دەکەین. 


قوباد تاڵەبانی دەشڵێت یەکێتیی لەسەر گفت و بڕیاری خۆیەتی، بەگیانێکی تازەو بەکردەیی ئەمجارەیان کار بۆ چاکسازی و گۆڕانکاریی دەکات و بە دەستێکی ئاسنین بەگژ خوار و خێچیییەکاندا دەچێتەوە، کۆمەڵانی خەڵکیش دڵنیا دەکەینەوە لە ئەمڕۆ بە دواوە دەرەنجامی ھەوڵەکانمان بۆ چاکسازی و کۆتاییھێنان بە گەندەڵی دەبینن. لەم ئەرکە نوێیەش کە خستوومانەتە بەردەم خۆمان چاومان لە پشتیوانی ھاوپەیمان و دۆستەکانمانە.