بافڵ تاڵەبانی: کۆمەڵانی خەڵک چاوەڕوانی زیاتر لە یەکێتی و گۆڕان دەکەن

25/07/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ھەوڵەکان بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان و وتیشی، کۆمەڵانی خەڵک چاوەڕوانی زیاتر لە یەکێتی و گۆڕان دەکەن.

بافڵ تاڵەبانی پیرۆزبایی ١٢یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات و لە پەیامێکیدا رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە ھەلومەرجێکی سەختی سیاسی و ئابوریدا تێدەپەڕێت، بۆیە پێویستە ھێز و تواناکان لەپێناو زاڵبوون بەسەر تەحەددییەکان یەکبخەین و یەکڕیز و یەکدەنگ بین. 


دەشڵێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە بەردەوامی ھەوڵەکان دەکاتەوە بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان و بەدیھێنانی خواستەکانی خەڵک و سەرخستنی پڕۆژەی راستەقینەی چاکسازی.


راشیگەیاند، خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی زیاتر لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دەکەن تاوەکو پێکەوە لە پڕۆژەیەکی سیاسی و نیشتمانیدا لەپێناو بەرژەوەندی گشتی ھەنگاوی گەورە و کوردستانیانە بنێن و کوردستانێکی ئارام بونیاد بنێن و قەوارەی ھەرێم بەھێزتر بکەن، کە بۆ ئەوەش پشتیوانی و کۆدەنگی سەرجەم ھێز و لایەنەکان گرنگە.