رەخنە لە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن دەگیرێت کە رەوشی کۆرۆنا لەبەرچاو ناگرێت

23/07/2021
یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد تۆکیۆ
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە کاتی بەڕێوەچوونی رێورەسمەی دەستپێکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە ستادیۆمی نیشتمانی لە تۆکیۆ کۆمەڵێک خۆپیشاندەر لە کاتی دەربڕینی ناڕەزاییاندا ڕووبەڕووی ھێزەکانی پۆلیس بوونەوە.

 ھێزەکانی پۆلیسیش ھەوڵی دوورخستنەوەی ئەو خۆپیشاندەرانەیان دا کە ویستیان لە شوێنی بەڕێوەچوونی رێورەسمە نزیک ببنەوە. خۆپیشاندەران کۆمەڵێک دروشمیان بەرزکردبۆوە و داوا ڕاگرتن و ھەڵوەشاندنەوەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادیان دەکرد .  
ئەمساڵ بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد بەبێ ئامادەبوونی جەماوەر بەڕێوەدەچن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ناوخۆی ژاپۆندا لیژنەی نێودەوڵەتی ئۆڵۆمپیاد و حکومەتی ژاپۆنی ڕووبەڕووی ڕەخنە و فشارێکی زۆر بوونەتەوە . ئەوەش لە کاتێکدایە کە تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم ئامادەی ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد بوون کە زۆربەیان وەفەدەکان و ئەو میوانانە بوون کە پێشتر بانگھێشتکرابوون وەکو (جیل بایدن)ی ھاوسەری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. 
سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن (یوشیھایدی سوگا) و حکومەتەکەی ڕەخنەی زۆریان لێدەگیرێت و بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە تەندروستی گشتی گەلی ژاپۆنی بە ھەند وەرناگرن ، بە تایبەت دوای ئەوەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاری تۆکیۆی پایتەخت ژمارەیەکی پێوانەیی حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تۆمارکرد.