وەزارەتی دارایی: چاوەڕوانین لەسبەینێوە پارە بخرێتە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتمان

31/01/2024
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی دارایی ھەرێم رایگەیاند، چاوەڕوانن لەسبەینێوە ٦١٨ ملیاردینارەکە بخرێتە سەر ھەژماری بانکی وەزارەت، لەگەڵ گەیشتنی پارەکەش دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.

وەزارەتی دارایی ھەرێم سەبارەت بە گەیشتنی ٦١٨ ملیاردینارەکەی بەغداد بۆ ھەرێمی کوردستان رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، وەزیری دارایی رایگەیاندوە، سەرجەم بەربەستەکانی بەردەم ناردنی بڕی ٦١٨  ملیار دینارەکەی بەغداد تێپەڕێنراوە، ھەموو رێکارە ئیداریی و یاساییەکانیش تەواوبووە، چاوەڕوانن لەسبەینێوە ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر ھەژماری بانکی وەزارەت، لەگەڵ گەیشتنی پارەکەش بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکان، ڕاستەوخۆ دەستبە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و لیستی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران ڕادەگەیەنرێت.

ھاوکات ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ھەرێم ھەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و پڕۆژەی خۆیان سەبارەت بە ھەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی پێشکەش بە لایەنی فیدڕاڵی کردووە بە ئاراستەی لابردنی ھەموو ئەو ئاستەنگانەی لە یاسای ئێستای بودجەی فیدڕاڵ ھەن کە ڕێگرن لە ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەرێم بە شایستەی خۆی دەزانێت لەبەرانبەر بەجێگەیاندنی پابەندییەکانی، بەشەبودجە و مووچەی شایستەی خۆی بۆ بنێردرێت.