وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا: لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کاردەکەین بۆ بەھێزکردنی سیستەمی دارایی عێراق

30/01/2024
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پشتیوانی بۆ عێراق دوپاتدەکاتەوە و دەڵێت، سزادانی بانکەکان بۆ ئەوەیە رێگری بکرێت لە خراپ بەکارھێنانی سیستمی دارایی عێراق.

براین نێڵسۆن، بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژانی ٢٨ و ٢٩ی ئەم مانگە سەردانی بەغدادی کردووە و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای عێراق کۆبووەتەوە، بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئەو رێککارانەی لەم دواییانەدا ئەمریکا گرتوویەیتەبەر و بەرامبەر سیستەمی دارایی عێراق.

ئەوەشی خستەڕوو، لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکەن کردووە بۆ رێگریکردن لە ئەندامبوونی کەسانی لەیاسادەرچوو، تیرۆر و رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ھەردوو سیستەمی دارایی عێراق و ئەمریکا و ھاوکات پابەندکردنی بانکە عێراقییەکان بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان. 

جەختیشیکردووەتەوە، سزادانی بانکەکان بۆ ئەوەیە رێگری بکرێت لە خراپ بەکارھێنانی سیستمی دارایی عێراق.

رۆژی ٢٩ی ئەم مانگە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە، سزای بەسەر بانکی ھودای عێراقی سەپاند و سەرۆکی جێبەجێکاری بانکەکەشی، بە تۆمەتی ھاوکاریکردنی ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە سزادا.