روانگەی سوری: لەمساڵدا ئیسرائیل پێنج جار ھێرشیکردووەتە سەر خاکی سوریا

30/01/2024
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لەمساڵدا ئیسرائیل پێنج جار ھێرشیکردووەتە سەر خاکی سوریا و بەو ھۆیەوە ٢٣ کەس کوژراون و دووانی دیکەش برینداربوون.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، ئیسرائیل پێنج جار ھێرشی کردووەتە سەر خاکی سوریا، ھێرشەکانیش سیانیان ھێرشی ئاسمانی و دووانەکەی دیکەشیان زەمینی بوون و بە زۆری ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگای دیمەشقیان گرتووەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ھێرشەکاندا ١١ بنکەی سەربازی و کۆگای چەک و تەقەمەنی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی کردووەتە ئامانج و بەھۆیانەوە، ٢٣ کەس کوژراون، لە نێویاندا ھاوڵاتییەکی مەدەنی ھەیە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.

ڕوانگەی سوری ڕاشیگەیاندووە، ئیسرائیل لە بۆردومانەکانی ئەم دواییەیدا، زیاتر لە پارێزگایەکی لەیەک کاتدا کردووەتە ئامانج.