ئۆنسەیەک زێڕ بۆ سەرو ١٨٠٠ دۆلار بەرزبووەوە

21/07/2021
نرخی زێڕ
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

نرخی زێڕ بەرزبۆتەوە و ئاماژەیەک بۆ زیاتر بەرزبوونەوەش ھەیە .

نرخی زێڕ بە سوود وەرگرتن لە کەمبوونەوەی قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوی دەلتا و گۆڕاوەکانی دیکە بەرزبووەتەوە و لە سەرووی ١٨١٠ دۆلار بۆ ھەر ئۆنسەیەک مامەڵەی پێوەدەکرێت. 
 
یەکێک لە پێوەرەکانی باشی و خراپی دۆخی ئابووریی جیھان نرخی کانزاکانە، بەتایبەت زێڕ کە خواستی زیاتری وەبەرھێنەرانی لەسەرە.
 
ماوەیەکە لە ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی جیھان تووشبووی کۆرۆنا زۆرتر تۆمار دەکرێن، کە زۆرتر تووشبووی کۆرۆنا گۆڕاوەکانن، ئەوە وایکردووە وەبەرھێنەران جارێکی دیکە بیر لە وەبەرھێنان لە زێڕ بکەنەوە، کە وەک کاڵایەکی سەلامەت لە کاتی خراپی دۆخی ئابووریی جیھان سەیری دەکەن، ھەر ئەوەش ھۆکارە بۆ ئەوەی خواست لەسەر زێڕ بەرزبێتەوە و نرخەکەشی بەرەو بەرزبوونەوە بچێت. 

ھاوکات بەرزبوونەوەی بەھای دۆلاری ئەمریکی لە ماوەی سێ مانگ و نیوی رابردوودا تا  ئاستێک رێگربووە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ جارێکی دیکە بچێتەوە سەرووی ٢٠٠٠ دۆلار.