لە دھۆک بەکارھێنانی یاریی ئاگرین لە ھۆڵ و ھۆتێلەکان قەدەغە دەکرێت

28/09/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دوای رووداوەکەی قەزای حەمدانیە، بەکارھێنانی یاریی ئاگرین لەناو ھۆڵەکانی ئاھەنگگێڕان و ھۆتێلەکان لە دھۆک قەدەغە دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دھۆک لە نوسراوێکدا رێنمایی لەبارەی بەکارھێنانی یارییە ئاگرینەکان و سیستەمی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنە گشتییەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەھیچ شێوەیەک نابێت یارییە ئاگرینەکان لە ھۆڵەکانی (ئاھەنگگێڕان، شانۆگەری، ھۆتێلەکان، یانە شەوانەکان، باخچە تایبەتەکان و شوێنە گەشتیارییەکان) ھەبێت، بە پێچەوانە ھەر کەسێک پابەند نەبێت، رێکاری توندیی یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر.

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دھۆک دەشڵێت، پێویستە ھەموو کۆمپانیا و کۆگا بازرگانییەکان و ھۆتێل و یەکەکانی نیشتەجێبوون و بەنزینخانەکان سیستمی ئاگرکوژێنەوەیان تێدا بێت.

ئەو بڕیارانەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دھۆک، دوای ئەوە دێت، شەوی سێشەممە بەھۆی ھەڵدانی یاریی ئاگرین، لە ئاھەنگێکی بوکگواستنەوەدا لە یەکێک لە ھۆڵەکانی حەمدانیە، ئاگر لە ھۆڵەکە کەوتەوە و بەھۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا.